ناوه‌ندی خۆرهه‌ڵاتی نوێ 1
كه به ناچاری له كۆیه ههڵقهندرام و له هه‌ولێر گیرسامه‌وه هه‌ر زۆر زوو له‌گه‌ڵ چه‌ند براده‌رێكی رۆژهه‌ڵاتی یه‌كمان گرت و پاش چه‌ند دانیشتنێك بڕیارمان دا هه‌وڵ بده‌ین بۆ دامه‌زراندنی ناوه‌ندێكی كه‌لتووری و رۆشنبیری بۆ كوردانی رۆژهه‌ڵاتیی دانیشتووی باشوور بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو توانا و وزه‌یه كه خه‌ریكه به فیڕۆ ده‌چێ، له قاڵبی ناوه‌ندێكی سه‌ر به حكوومه‌ت و به‌ده‌ر له چوارچێوه‌ی حیزبی دا كۆ بكاته‌وه.
پێنج كه‌س بووین. دووانیان مامۆستای زانكۆ بوون، یه‌كیان رۆژنامه‌نووسێكی راكردوو له ده‌ست كۆماری ئیسلامی كه خه‌یاڵی چوونه ئه‌مریكا وه‌ها بیر و مێشكی داگرتبوو دواتر ناومان لێنا مه‌مه‌ل ئه‌مریكایی. ئه‌وه‌ی تریش كه‌سێك بو كه زیاتر له 10 ساڵی ته‌مه‌نی له ناو په‌كه‌كه دا بووه و ماوه‌یه‌كیش ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی په‌ژاك بووه و ئێستا له سلێمانی خه‌ریكی خوێندن و كاری رۆژنامه‌نووسییه.
پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی ناوه‌نده‌كه من نووسیم و بڕیارمان دا ناوی بنێین "ناوه‌ندی خۆرهه‌ڵاتی نوێ بۆ دێموكراسی". زۆر زوو ده‌ستمان كرد به سه‌ردانی ئه‌م به‌رپرس و ئه‌و كاربه‌ده‌ست. سه‌رمان به هه‌موو ئیداره و وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كاندا كرد. هه‌ر له دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و وه‌زاره‌تی ناوخۆوه بگره تا پارلمان و چه‌ندین و چه‌ند ئیداره‌ی تر. له هه‌ر ده‌رگایه‌كمان ده‌دا داخرابوو.
ده‌بوایه له هه‌ر ئیداره و وهزارهتخانهیهك له پێشدا چه‌ند جارێك بچین تا كاتێكمان بۆ دیاری ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسی ئه‌و شوێنه ببینین. پاشان پڕۆژه‌كه‌یان لێ وه‌رده‌گرتین و ده‌یانكوت حه‌وتوویه‌كی تر وه‌رنه‌وه بۆ وڵام. له ئاخریش دا بۆ ئه‌وه‌ی له كۆڵ خۆیانمان كه‌نه‌وه و دڵیشمان نه‌شكێنن وڵامی هه‌موویان ئه‌وه بوو: ئێمه بۆ دامه‌زراندنی وه‌ها ناوه‌ندێك ناتوانین هیچتان بۆ بكه‌ین به‌ڵام ئه‌گه‌ر بتوانن دایمه‌زرێنن و ئیزنی دامه‌زراندنه‌كه‌ی له حكوومه‌تی هه‌رێم وه‌ربگرن به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاریتان ده‌كه‌ین و یارمه‌تیتان ده‌ده‌ین. له هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ش نوسخهیهكیان له پڕۆژه‌كه‌مان وه‌رده‌گرت بۆ ئه‌وه‌ی به قه‌ولی خۆیان دیراسه‌ی بكه‌ن. وای لێهات هیچ ئیداره‌یه‌كی په‌یوه‌ندیدار له‌و هه‌رێمی كوردستانه نه‌ما كۆپییه‌كی پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی ناوه‌ندی خۆرهه‌ڵاتی نوێی لێ نه‌بێ.
تاكه به‌رپرسێك كه پێشوازیی له‌و پڕۆژه‌یه كرد و هه‌وڵی بۆ سه‌رگرتنی دا، ته‌ها به‌رواری، وه‌زیری وه‌رزش و لاوان بوو كه له سویده‌وه گه‌ڕابۆوه. (به‌سه‌رهاتی چه‌ندین دیدارمان له‌گه‌ڵ ته‌ها به‌رواری به بیره‌وه‌رییه‌كی تر دا ده‌نووسمه‌وه)
پاش نزیكه‌ی سێ مانگ هه‌وڵدان و وڵامی "نا" بیستن، رۆژێك كوڕێكی مهابادی كه خوێندكاری یه‌كێك له‌و مامۆستایانه‌ی هاوڕێمان بوو، پێی راگه‌یاندین له‌گه‌ڵ عه‌دنان موفتی نێوانی زۆر خۆشه و ره‌نگه ئه‌و كارێكمان بۆ بكا. ئه‌و كات عه‌دنان موفتی سه‌رۆكی پارلمانی كوردستان بوو و به دڵنیاییه‌وه ده‌یتوانی یارمه‌تیمان بدا. كوڕه مهابادییهكه بۆ رۆژی هه‌ینی قه‌رارێكی بۆ داناین كه بچینه ماڵی سه‌رۆكی په‌رلمان و بیبینین. به‌یانیی رۆژی هه‌ینی زانیم پرینتی پڕۆژه‌كه‌مان نه‌ماوه و دوایین نوسخه كه به ده‌ستمانه‌وه بوو رۆژی پێشوو دابوومانه ده‌ست به‌رپرسی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم.
خۆمان پرینتێرمان نه‌بوو. ئه‌و كاتیش رۆژی هه‌ینی، له شاری هه‌ولێر به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر لای نیوه‌ڕۆ و نزیك كاتی نوێژ بوایه، نه‌ك هه‌ر پرینتێر وه‌گیر نه‌ده‌كه‌وت بهَكوو كه‌س ساندویجێكیشی پێ نهدهفرۆشتی. رۆژانی هه‌ینیی مانگی ره‌مه‌زانیش كه ئیتر ژیان به ته‌واوی راده‌وه‌ستا. پاش دوو سه‌عات گه‌ڕان به شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر دا، ئاخری به سه‌د تكا و پاڕانه‌وه، له هۆتێل چوارچرا پڕۆژه‌كه‌م پرینت كرد و له به‌ر ده‌رگای ماڵی عه‌دنان موفتی ڕه‌گه‌ڵ كوڕه‌كان كه‌وتم.
عه‌دنان موفتی له ژوورێكی گه‌وره پێشوازی لێ كردین. ناوبراو كه پێش ئه‌وه‌ی ببێته ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی یه‌كێتی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی حیزبی سۆسیالیستی كوردستان بووه، داوای لێبوردنی لێ كردین كه به هۆی ئه‌وه‌ی ره‌مه‌زانه و بهڕۆژوویه، نه چامان بۆ دێنن و نه شه‌ربه‌ت و نه ئاو!!
پڕۆژه‌كه‌مان به وردی بۆ سه‌رۆكی پارلمان شی كرده‌وه. له وڵام دا نه‌قڵێكی بۆ گێڕاینه‌وه و بێ ئه‌وه‌ی هیچ بیلاتهشبیهێكی تێكه‌ڵ كا پێی كوتین "گووتان خوارد". مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه كه من و كوڕه‌كان وای لێ تێگه‌یشتین. نا، سه‌رۆكی پارلمان رێك ئه‌و قسه‌یه‌ی به سه‌ر زار دا هات. پاشانیش كوتی: "ئێمه ناتوانین له‌به‌ر چه‌ند كه‌سێكی ئێرانی كه لێره ده‌ژین، نێوانی خۆمان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی تێك بده‌ین. ئه‌گه‌ر ئێران یه‌ك رۆژ ئه‌و سنووره‌ی له‌سه‌ر ئێمه دابخا، خه‌ڵكی ئێمه له برسان ده‌مرێ. ئیتلاعاتی ئێران ئاگای له هه‌موو شتێكی ئێمه هه‌یه و له بچووكترین كاره‌كانیشمان ئاگادارن. "
زۆر قسه‌ی تریشی كرد كه من له بیرم نه‌ماون. چونكه گوێم لێ نه‌گرت بۆ ئه‌وه‌ی له‌بیرم بمێنێ. كه له ماڵه‌كه‌ی وه‌ده‌ر كه‌وتین، له سه‌ر شه‌قامه‌كه، به‌رامبه‌ر به یاریگای هه‌ولێر كه ئێستا كراوه‌ته شه‌قامی قاسملوو، ناسیاوه مهابادییهكهمان پێی وتین: "كاك عه‌دنان ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر كار بۆ یه‌كێتی ده‌كه‌ن، ناوهندهكهشیان بۆ داده‌مه‌زرێنین و هه‌موو جۆره هاوكارییهكیشیان ده‌كه‌ین". من كه به قسه‌كانی سه‌رۆكی پارلمان زۆر ناڕه‌حه‌ت ببووم، به‌و قسه‌یه ئیتر ئاگرم تێبه‌ربوو و وتم: "بڕۆ به كاك عه‌دنان بڵێ، یه‌كێتی تا 50 ساڵی دیكه‌ش له هه‌ولێر میوانه و قه‌ت نابێته خانه‌خوێ، ئێمه ئه‌گه‌ر كارمان بۆ حیزبێك كردبا، بۆ پارتیمان ده‌كرد كه هه‌م ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێری به ده‌سته و هه‌م پاره‌ی له ئێوه زیاتره. ئێوه خۆشتان شه‌ڕی ئه‌وانتان پێ نه‌كرا بۆ ده‌تانهه‌وێ به ئێمه‌ی بكه‌ن"
***
چه‌ند مانگ پاش ئه‌و رووداوه، ئێران ماوه‌ی دوو رۆژ سنووره‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان داخست. نه كه‌س له برسان مرد و نه هیچ شتێك نرخی چووه سه‌رێ، ئێرانیش له ژێر گوشاری بازرگانه‌كانی خۆی دا كه زه‌ره‌رێكی زۆریان وێكه‌وتبوو سنووره‌كانی كرده‌وه. پاش ئه‌و رووداوه من بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه بڵێی عه‌دنان موفتی خه‌به‌ری داخرانی سنووره‌كانی بیستبێ.
+
| نووسه‌ر:: هيوا
له: پنجشنبه 1388/07/30| تێبینییه‌كان :
|